له پاريسهوه تا كوردستان: ئیدانەی تۆقاندنی ئازادی بیروڕا دەكەین
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی ئازادیخوازانی جیهان لە ئیدانەكردنی ئەو كارە تیرۆریستییەی كەكراوەتە سەر بارەگای هەفتانەمەی (شارڵى ئیبدۆ) لەپاریس كەتیایدا (12) كەس كوژراون و ژمارەیەكیش برینداربوون.
ئەو گروپە جیهادییانە بەم كارە نامرۆڤانەیە، ئەگەر شتێك پیشانی جیهانی بدەن، ئەوا رووی راستی ئەم جۆرە رێكخراوانەیە، كە هیچ جۆرە پرەنیسیپێك و سنوورێك ناناسن و تەنانەت دەیانەوێ لەهەموو دونیادا ترس و تۆقاندن بڵاوبكەنەوە، ئەمەش رۆژگارێكی سەخت دەهێنێتە پێشەوەو رووبەرووی بەرەنگاری تووندی ئازادیخوازان و بەهاكانی ئازادی رادەربڕین دەبنەوە.
لەكاتێكدا كارێكی تیرۆریستی لەپاریس لەدژی رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت و لە هەندێك شوێنی دیكەی جیهانی ئیسلامی و عەرەبیش هەندێك لەرێكخراوەكانی ئیسلامی سیاسی دژایەتی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و ئازادی دەكەن و لەگەڵیشیدا رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەژێر پەردەی كلتوورێكی كۆندا دەیەوێ هەموو ئازادییەكان كۆت و بەند بكات و سەردەمانی كۆنی كۆیلایەتی و تەپەسەركردن، بكاتە مۆدێلی نوێی خۆی، بەمەش سوود لەهەست و سۆزی گەلانی ئەم ناوچەیە بۆ ئیسلام وەردەگرن، لەهەمانكاتدا، لەكوردستانیشدا بەبڕو بیانووی جۆراوجۆر دژایەتی دەستەبژێری رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانی كۆمەڵگای كوردستانی و ئازادیخوازانی رێگای مافەكانی مرۆڤ و یەكسانی و ئازادی بیركردنەوە و نووسین و بڵاوكردنەوە دەكەن، هەموو جۆرە هەنجەتێكیان پێ دەگرن و سوود لەو یاسا بەركارانەش وەردەگرن بۆ ئەم مەرامە پڕ لەمەترسییە، كە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر رۆژنامەنووس و نووسەر (حەمە سەعید حەسەن) لەم ئاراستەیە بەدەرنییەو هێرشی لەم جۆرەش بۆ سەر رۆژنامەنووسان و بيرمهندان، پێشینەی دوورو درێژی هەیە.
ئەم هێرشە بۆ سەر رۆژنامەنووسانی هەفتەنامەی شارڵی ئیبدۆ (Charlie Hebdo) و هێرشی ناڕەوا بۆسەر ئازادی بیركردنەوە لەكوردستان و ناوچەكەدا، هەمان ئامانج و سەرچاوەی بیركردنەوەی لەپشتە، رەوشێكی نوێ هاتۆتە پێش كە دەخوازێت دەسەڵاتی سیاسی لەوڵاتەكان و كۆمەڵگاكانمان بەگشتی لەدژی ئەم بارە نوێیە بەئاشكرا بەرەی ئازادیخوازان هەڵبژێرن و بەرەی تیرۆریستانی فیكری و جەستەیی ریسوا بكەن.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەناوی رۆژنامەنووسانی كوردستانەوە هاوخەمی خۆی دەگەێنێتە گەل و هاوكارانمان لە رۆژنامەنووسانی فەرەنسی و خانەوادەی رۆژنامەنووسە تیرۆركراوەكان، هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازێت.
هەروەكو رۆژنامەنووس (ستیفان شاربۆنێر - شارب) سەرنووسەری هەفتەنامەی (شارلی ئیبدۆ)، لە وتارێكیدا لەژێر ناوی (كوردەكان هەموومان دەپارێزن)دا دەڵێت: (ئەوان تەنها کورد نین، ئەوان تەواوی مرۆڤایەتین و خەبات دەکەن دژی تاریکی و دۆزەخ).
رێگا لە كاروانی ئازادیخوازی ناگیرێت
ئهنجوومهنى سەندیكای
رۆژنامەنووسانی كوردستان
