نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌ دیداری سه‌ندیكاكانی رۆژنامه‌نووسانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ باره‌ی دانوستانی به‌ كۆمه‌ڵ به‌شدار ده‌بێت

فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان(IFJ) به‌ هاوكاری سه‌ندیكای نیشتمانی رۆژنامه‌نووسانی تونس له‌ رۆژانی (3-4) مانگی حوزیرانی / 2015 له‌ تونسدا دیدارێكی بۆ نوێنه‌رانی سه‌ندیكاكانی رۆژنامه‌نووسانی جیهانی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست رێكخست. هاوكارمان ئازاد حه‌مه‌ده‌مین نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان شان به‌شانی نوێنه‌رانی سه‌ندیكاكانی رۆژنامه‌نووسان له‌ تونس و مه‌غرب و عێراق و فه‌له‌ستین و میسر و موریتانیا و سۆدان... سه‌ندیكای دیكه‌ش له‌ وڵاتانی ناوچه‌ له‌م دیداره‌دا به‌شداربوو، ئه‌م دیداره‌ش له‌ژێر دروشمی(مافی رێكخستنی سه‌ندیكایی، مافی دانوستانی به‌ كۆمه‌ڵ) رێكخرا بوو. له‌ دانیشتنی كردنه‌وه‌ی دیداره‌كه‌دا هاوكارمان جیم بوملحه‌ سه‌رۆكی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان و سه‌رۆكی سه‌ندیكای نیشتمانی رۆژنامه‌نووسانی تونس لێدوانیان هه‌بوو. له‌ هه‌مان دانیشتندا رۆژنامه‌نووس منیر زه‌عرور رێكخه‌ری كاروباری سه‌ندیكاكانی جیهانی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌(IFJ) باسێكی سه‌باره‌ت دانوستانی به‌كۆمه‌ڵ پێشكه‌شكرد، هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی سه‌ندیكاكان له‌ باره‌ی هه‌وڵه‌كانیان له‌باره‌ی دانوستانی به‌كۆمه‌ڵ و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان و راده‌ی سوود وه‌رگرتنیان له‌م بواره‌دا دوان، له‌ چوارچێوه‌ی دانیشتنه‌كانی رۆژی دووه‌م نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌رباره‌ی ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ی به‌ره‌نگاری رۆژنامه‌نووسان ده‌بنه‌وه‌و باشترین رێگا بۆ داكۆكی لێیان دوا. به‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی هه‌رێمایه‌تی بۆ دانوستانی به‌كۆمه‌ڵ و گفتوگۆكردن له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی مێزگردێكدا، دیداره‌كه‌ به‌ كۆتا هات.