بۆ ئازاد شێخ یونس
ئەمینداری گشتیی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ـ عێراق
بە پۆستی ئەلیكترۆنی
ئازیزم ئازاد
جێی شانازیمانە، بە بۆنەی 117ساڵەی ئاهەنگگێڕانی جەژنی رۆژنامەگەریی كوردی، بەناوی یەكێتیی نێودەوڵەتیی رۆژنامەوانی، نامەی پیرۆزبایی و هاوكاری بۆ خۆت و سەرۆكایەتیی نەقابەی رۆژنامەنووسانی كوردستانی عێراق و هەموو ئەندامانی سەندیكاكەتان بنێرین.
لە رۆژێكی ئاوادا، خەباتی هاوڕێكانمان لە سەرۆكایەتی و ئەندامانی سەندیكاكەتان، وەبیر خۆ دێنینەوە، لەوەی كە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانی عێراقیان كردە سەندیكایەكی پیشەیی پەیوەست بە بەرگریكردن لە مافەكانی رۆژنامەنووسان و ئازادیی رۆژنامەوانی لە هەرێم و، هەروەها بەشدارییەكی چالاكیان لە خانەوادەی یەكێتیی نێودەوڵەتیی رۆژنامەوانان و تێكۆشانی ئەو یەكێتییە لە عێراق و هەموو دنیادا كردووە، لە پێناو بەدەستهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ژیانێكی شكۆمەندانە بۆ رۆژنامەنووسان و خانەوادەكانیان.
لە رۆژێكی ئاوادا، بە شكۆمەندی و رێزەوە یادی ئەو هاوڕێیانەمان دەكەینهوه، لە ژنان و پیاوان، كە لە كاتی ئەركی رۆژنامەوانیاندا، پابەندی ئەركەكانیان بوون و، پەیامی پیشەیی خۆیان دەگەیاند و، لەو رێیەدا شەهید بوون.
ئەركی سەرشانمانە، بەرامبەر بەو بههایانه وەفادار بین، كە ئەوان گیانی خۆیان لەپێناودا بەخشی. دهبێ رۆژنامەگەرییش هەردەم بەلای جەماوەردا بیشكێنێتەوە و راستییەكانیان پێ بگەیەنێ. وەك چۆن شانازی بە پابەندیی سەندیكاكەتانەوە دەكەین، لە سەرپەرشتیكردنی خانەوادەی رۆژنامەوانە شەهیدەكانتان و هاوكاریكردنیان. ئەمەش نموونەیەكی بەرزی هاوكاریی پیشەیی و پابەندیی سەندیكاییە بە بەرگریكردن لە ئەندامەكانیان.
لەو رۆژە پڕ ئاستەنگانەی كە ئێستا تێیدا دەژین، ئێمە، پابەندی ئەوەین، كە لە كاركردن لەگەڵتاندا بەردەوام بین و پشتیوانی سەندیكاكەتان و رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستانی عێراق بین. ئێمە تەواو متمانەمان بەوەیە، كە رۆژنامەوانیی ئازاد و سەربەخۆ كۆڵەگەیەكی بنەڕەتیی سەركەوتنی وڵاتەكەتانە لەو شەڕەی بەرامبەر بە تیرۆر و زێدەڕۆیی و رەگەزپەرستی دەیكات.
لەو رێیەشەوە، ئێمە پیرۆزبایی لە سەندیكاكەتان دەكەین بۆ ئەو دەسپێشخەرییەی دیالۆگکردن، سەبارەت بە رووماڵی رووداوەكان و شەڕەكان خستوویەتییە روو، كە رووبەڕووی هەرێم و هەموو عێراق بووەتەوە. دیالۆگی پیشەیی لە ناو كەرتی راگەیاندن، بە مەبەستی هاندانی پیشەیی و پەیوەستبوون بە بنەماكانی رۆژنامەوانیی ئەخلاقیی بنەڕەتی، كە لەسەر گوتنی راستی و ئازادی و پەیوەستبوون بە بەرژەوەندیی گشتی بنیات نراوە، ئەوە بەرپرسیارەتیی هەموو چالاكانی ئەو كەرتەیە. ئێمە سەرفرازیتان بۆ دەخوازین لە گەیشتن بە راگەیاندنی بنەماكانی رووماڵی هەواڵسازی، بە جۆرێك كە پیشەگەرانی ئەو پیشەیە لە هەرێم لەسەری رێكبكەون.
لەگەڵ ئەوپەڕی رێز و ئاواتماندا
مونیر زەعروور
رێكخەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیی
یەكێتیی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان
