ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌پێناو باشتركردنی ئه‌دای كاری میدیایی و رۆژنامه‌گه‌ری، له‌به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتیه پیشه‌یی‌و نیشتمانییه‌كان له‌كاتی رووماڵی رووداو‌و پێشهاته‌كاندا، ئه‌م بنه‌ما‌و رێنماییانه‌ی خواره‌وه راده‌گه‌ێنێت:
1- بنه‌مای ئازادی رۆژنامه‌نووسی‌و كاری ده‌زگاكانی میدیا ، بنه‌مایه‌كی لێبڕاوه‌یه‌و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان پاڵپشت به یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ژماره 35 ، داوا له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار ده‌كات ، ته‌واوی پانتایی بۆ رۆژنامه‌نوس‌و میدیاكاران بڕه‌خسێنن بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی خۆیان، هیچ كه‌س‌و ده‌زگایه‌كی لێبه‌ده‌ر نه‌كرێت.
2- رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی میدیا ، له‌م قۆناغه‌دا، پێویسته گونجان له‌نێوان ئه‌ركی پیشه‌یی‌و نیشتمانیانیدا دروست بكه‌ن.
3- بنه‌مای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بنه‌مایه‌كی له‌پێشه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته، لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ، نه‌خشه‌رێگایه‌ك به‌هاوكاری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له‌مه‌ڕ پرسه‌كانی ئاسایشی نیشتمانی و دیاریكردنی سنوری مانای ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به‌رێنمایییه‌كی روون رابگه‌ینرێت‌و هه‌موو لایه‌ك پابه‌ند بكات‌و جیاكاری له‌نێوان ده‌زگاكانی میدیای تێدا نه‌بێت، له‌چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كان بێت و زیاده‌رۆیی تێدا نه‌كرێت.
4- كاری میدیایی به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیای گه‌یاندن‌و راگه‌یاندن، پرسی گواستنه‌وه‌ی ده‌نگ‌وره‌نگی راسته‌وخۆ، مۆدێلێكی ده‌زگاكانی ته‌له‌ڤزیۆنییه، بۆیه پێویسته رێنماییه‌كان سنوور‌و كات‌وسات‌و شێوازی ئه‌م پرسه له‌گواستنه‌وی راسته‌وخۆ چ له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ بێت‌ویاخود له‌رووداوه‌كانی ناوشاره‌كاندا، به‌روونی داڕێژرابن و بۆ رۆژنامه‌نووس و كه‌ناڵه‌كانی میدیا روون‌و ئاشكرا بن.
5- سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ، پێشنیازی رێككه‌وتنی به‌كۆمه‌ڵی نێوان سه‌ندیكا‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌زگاكانی میدیا ده‌كات، له‌سه‌ر لائیحه‌یه‌ك كه رێكاری به‌ره‌و پێش بردن‌و باشتركردنی ئه‌دای راگه‌یاندن له‌كوردستان مسۆگه‌ربكات.
6- بنه‌مای سه‌رچاوه‌ی فه‌رمی‌و ده‌وری لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كان، ببێته سه‌رچاوه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌گاته وه‌رگر‌و هاوڵاتیان، كه له‌حزه‌یرانی 2014ـه‌شدا، سه‌ندیكا چه‌ند رێنمایی‌و داواكاری له‌لایه‌نه فه‌رمییه‌كانكرد بۆئه‌وه‌ی وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ببێته سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كان ، به‌ڵام ئه‌م پرسه گرنگی پێنه‌دراوه.
7- سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له رابردوودا به گوێره‌ی رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ(IFJ) نووسینگه‌ی سه‌لامه‌تی پیشه‌یی له هه‌رێمی كوردستان كردۆته‌وه ئه‌و نووسینگه‌یه به ده‌یان خولی بۆ ده‌یان رۆژنامه‌نووسی كوردستان كرده‌وه و هه‌روه‌ها توانرا ئه‌م بابه‌ته بخرێته ناو پرۆگرامی خوێندنی به‌شی راگه‌یاندن له كۆلیژو په‌یمانگاكان له كوردستان. بۆیه سه‌ندیكا داوا ده‌كات:
أ- ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له كاتی رووماڵدا ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه بنێرن كه شاره‌زایان هه‌یه‌و ئه‌و خوله‌یه‌ان ته‌واو كردووه.
ب- ده‌زگاكانی راگه‌یاندن گرنگی به دابینكردنی كه‌ره‌سته‌كانی سه‌لامه‌تی پیشه‌یی بده‌ن بۆ پاراستنی گیانی رۆژنامه‌نووسان
ج- هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن ئه‌گه‌ر پێویستی به راهێنانی زیاتر هه‌بێت له‌سه‌ر خولی سه‌لامه‌تی پیشه‌یی ئه‌وه سه‌ندیكا بۆ ئه‌م كاره ئاماده‌یی هه‌یه.
هۆكاری ئه‌م راگه‌یاندنه، ئه‌دای كاری ده‌زگاكانی میدیایه له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، چ له‌كاتی رووماڵی په‌خشی راسته‌وخۆی به‌ره‌كانی جه‌نگ یاخود رووداوه‌كانی ناوشاری كه‌ركوك، كه‌به‌شێوه‌یه‌ك بوه هۆی ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووس شه‌هید بكه‌ون‌و هاوڵاتیانیش به‌حه‌ماسه‌تێك به‌هۆی بوونی ده‌زگای راگه‌یاندن، بریندار بوون، له‌هه‌مانكاتدا ، بارگرانی بۆ كارمه‌ندانی ئاسایش‌و هاوڵاتیانیش دروستكرد ، كه شه‌پۆڵێكی زانیاری ناته‌واو ، له‌یه‌ككاتدا بڵاو ده‌كرایه‌وه‌و بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی فه‌رمی رایانگه‌یاندبێت.
ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان
24/10/2016
