نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسان له‌ كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی ده‌زگای (خه‌نجه‌ر) بۆ گه‌شه‌پێدان به‌شدار ده‌بێت

رۆژی 30/7/2018 ، له‌ هوتێلی (بێست ئین ئه‌ربیل) له‌ شاری هه‌ولێر ، فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی ده‌زگای (خه‌نجه‌ر) بۆ گه‌شه‌پێدان، كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی ئه‌م ده‌زگایه‌ له‌ ژێر دروشمی (رۆڵی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ هێنانه‌دی سه‌قامیگیریدا) رێكخرا.

هاوكارمان ئازاد حه‌مه‌ده‌مین نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌ رێورسمی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌ شدار بوو له‌ ته‌وه‌ری(رۆڵی راگه‌یاندن له‌ هێنانه‌دی سه‌قامگیری له‌ كۆمه‌ڵگادا) چه‌ند گوته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد بایه‌خی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌ جێگیركردنی سه‌قامگیری له‌ كۆمه‌ڵگا دا خسته‌ روو، خوازیار بوو رۆژنامه‌نووسان له‌م بواره‌ گرنگه‌دا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بێت و كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن ببه‌ن.

له‌ ته‌وه‌ره‌كانی دیكه‌شدا، رێكخراوی قه‌ندیل و ده‌زگای بارزانی و رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نی و رێكخراوی سبارك و د. حه‌یده‌ر ته‌ویله‌و ده‌زگای روانگه‌ و رێكخراوی(ETTC) و ده‌زگای خه‌نجه‌ر و رێكخراوی(NDI) به‌رێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی یاسایی و د.عالیه‌ فه‌ره‌ج و مامۆستا سالم حاج و مامۆستا جه‌ریر محمد هه‌ریه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی(5) خوله‌ك بیرورای خۆیان له‌ باره‌ی كێشه‌ی لاوان و پشتگیریكردنی سه‌قامگیری و رۆڵی ژنان خسته‌ روو.

له‌ كۆتادا ده‌رگای گفتوگۆ و پرسیار كرایه‌وه‌ و راسپارده‌كان خرانه‌ روو.