راگه‌يه‌نراوى لێژنه‌ى داكۆكى له‌ ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له‌ كوردستان سه‌باره‌ت به‌ داخستنى نووسينگه‌ى تۆڕى ميدياى رووداو له‌ كانتۆنى جزيره‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان

 

 

ئه‌مڕۆ 4/8/2015 له‌ هه‌وڵێكى نه‌خوازراودا ئيداره‌ى كانتۆنى جزيره‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان بڕيارى لێسه‌ندنه‌وه‌ى مۆڵه‌تى كاركردن و داخستنى نووسينگه‌ى (تۆڕى ميديايى رووداو)ى ده‌ركرد، لێژنه‌ى داكۆكى له‌ ئازادى رۆژنامه‌نووسيى و مافى رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌نديكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له‌ (15) راپۆرتى پێشێلكارى خۆيدا خه‌مى پيشه‌يى رۆژنامه‌نووسيى و پاراستنى ئه‌خلاقى رۆژنامه‌نووسيى و ئازادى بيروڕا له‌ پێشه‌وه‌ى كارى لێژنه‌ى داكۆكى و ئه‌نجوومه‌نى سه‌نديكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان بووه. ئێمه‌ پێمانوايه‌ داخستنى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندن ده‌بێته‌ به‌رته‌سكردنه‌وه‌ى ئازادى و له‌هه‌مان كاتيشدا ديموكراتى و ئازاد راده‌ربڕين ده‌خاته‌ ژێر پرسياره‌وه‌، بۆيه‌ لێژنه‌كه‌مان هه‌رده‌م پاڵپشت و داكۆكيكار بووه‌ له‌ ئازادى و مافى رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌ر كوێيه‌كى كوردستان بێ، پێشتريش سه‌باره‌ت به ‌داخستنى كه‌ناڵه‌كانى (Roj TV, Nuce TV, Music TV) و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گاى رۆژنامه‌ى (رۆژا وه‌لات) و نووسينگه‌ى (ئاژانسى هه‌واڵى ديجله‌) له‌ باشوورى كوردستان و له‌كاتى شه‌هيدكردنى ژنه‌ رۆژنامه‌نووسى باكوور (ده‌نيز فورات) به‌ده‌ستى چه‌ته‌كانى داعش، راگه‌ياندنمان بڵاوكردۆته‌وه‌و شه‌رمه‌زار و پرۆتستۆمان كردووه‌، بۆيه‌ داخستنى نووسينگه‌ى (تۆڕى ميديايى رووداو) كارێكى نه‌خوازراوه‌. داواكارين ئيداره‌ى كانتۆنى جزيره‌ به‌ بڕياره‌كه‌ى خۆيدا بچێته‌وه‌و پێمانوايه‌ داخستن و رێگريكردن له‌ ميديا به‌هه‌ر پاساوێك بێت، پێشێلكارييه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئازادى بيروڕا و مافى رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندن.

 

لێژنه‌ى داكۆكى له‌ ئازادى رۆژنامه‌نووسى و

مافى رۆژنامه‌نووسان له‌ كوردستان

هه‌ولێر 4/8/2015