پەیامی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بەبۆنەی سەتونۆزدەهەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردیى و نۆزدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان

 


له‌ یادى ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردى و دامه‌زراندنى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستاندا، سڵاو و دروود بۆ گیانى مامۆستا میقداد میدحه‌ت به‌درخان و ته‌واوى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكارانه‌ى كوردستان ده‌نێرین كه‌ ژیانیان به‌ وشه‌ى كوردى به‌خشى و له‌و پێناوه‌دا گیانیان به‌خت كرد. له‌م یاده‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ دلێرانه‌ى له‌ ڕووماڵى شه‌ڕى دژى داعشدا گیانیان به‌خشى و شه‌هید بوون، یان به‌ركه‌وتن و بریندار بوون، به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌. ئه‌م یاده‌ له‌ ته‌واوى ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكاران و ده‌زگا ڕۆژنامه‌وانى و میدیاییه‌كانى كورد پیرۆز ده‌كه‌ین، هیواى سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازین.

له‌م یاده‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ ڕۆڵى ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانى كورد و كوردستان و قوربانیدان و خۆبه‌ختكردنیان له‌ قۆناغه‌كانى شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانى كوردستان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى دوژمنان و تیرۆر و تیرۆرستان، هه‌روه‌ها له‌ به‌شدارییان له‌ بنیاتنان و پێشخستن و به‌ره‌وپێشبرنى كۆمه‌ڵگه و وشیاركردنه‌وه‌یدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنین و ته‌واوى پشتگیریمان بۆ ماف و ئازادییه‌كانى ڕۆژنانووسان و میدیاكاران و ئازادیى نووسین و ڕاده‌بڕین و په‌خش و بڵاوكردنه‌وه،‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.

وه‌ك زۆر لایه‌نى دیكه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ بوارى ڕۆژنامه‌گه‌رى و میدیاییش له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌وتنێكى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌م ساڵانه‌ى دوایى و له‌ كاتى ڕووماڵى شه‌ڕى دژى تیرۆردا، ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاى كوردستان قۆناغێكى دیكه‌یان تێپه‌ڕاند و سه‌لماندیان كه‌ ده‌توانن هاوشانى میدیاى جیهانى كار بكه‌ن و زۆر جاریش ببنه‌ تاقه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵ بۆ ئاژانسه‌ ڕۆژنامه‌وانى و میدیاییه‌كانى جیهان، كه‌ ئه‌مه‌ش مایه‌ى خۆشحاڵى و شانازییه‌ بۆ هه‌رێمى كورستان و ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین.

له‌م یاده‌دا وێڕاى دووباره‌ پیرۆزباییمان له‌ ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانى كورد، داواكارین پیشه‌ییانه‌تر و به‌ شێوه‌یه‌كى پرۆفیشینالتر كار و ئه‌ركه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و هه‌موو ئه‌و بنه‌ما و به‌ها و پره‌نسیپانه‌ بپارێزن كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رى و میدیاى پیشه‌یى و پرۆفیشینالى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، تا بتوانن خزمه‌تى زیاترى كۆمه‌ڵگه‌ و ئێستا و داهاتووى كوردستان بكه‌ن.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
22/4/2017