لیژنه‌ى داكۆكى ئیدانه‌ى هێرش كردنه‌ سه‌ر كه‌ناڵى په‌یام ده‌كات

 

رۆژى 8/7/2016  به‌ مه‌به‌ستى رووماڵكردنى خۆپیشاندانى خاوه‌ن پشكه‌كانى چاڤیلاند له‌ شارى سلێمانى  له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ وێڕاى ئه‌وه‌ى رێگه‌نادرێت به‌ تیمى كه‌ناڵه‌كانى (په‌یام ، زاگرۆس ، كه‌ى 24 ) خۆپیشاندانه‌كه‌ رووماڵ بكه‌ن له‌ هه‌مان كاتدا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر تیمى كه‌ناڵى (په‌یام ) و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ى په‌یامنێر و كامێرامانه‌كه‌ى ده‌ده‌ن و دواى كاتژمێرێك ده‌ست به‌سه‌ركردنیان ئازاد ده‌كرێن و ده‌ستبه‌سه‌ر كه‌ل و په‌له‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیاندا ده‌گیرێت .

ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ى داكۆكی له‌ ئازادى رۆژنامه‌نووسی له‌ سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان به‌ توندى ئیدانه‌ى ئه‌و هێرش و جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نووس و كه‌ناڵه‌كانى میدیا ده‌كه‌ین و نیگه‌رانین له‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ و هێرشانه‌ى كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر میدیا و میدیاكاران كه‌ راسته‌وخۆ پێشێلكردنى یاساى كارى رۆژنامه‌گه‌رى و بێرێزى كردنه‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان و ئازادى راده‌بڕين له‌ هه‌رێمى كوردستاندا .

هه‌روه‌ك داوا له‌ لایه‌ن په‌یوه‌نداره‌كان ده‌كه‌ین لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونى جددى بۆ ئه‌و هێرش و پێشێلكاریانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان و ئازادى رۆژنامه‌نووسی له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامده‌درێن و سه‌رپێچیكارانى یاسا سزا بدرێن .

لیژنه‌ى داكۆكی  له‌ ئازادى

رۆژنامه‌نووس و مافى رۆژنامه‌نووسان له‌ كوردستان

هه‌ولێر 9/7/2016